ماڵێك بۆ ههموان
سـهرهتــا
ئايـيـنـى
هـهمهڕهنـگ
وهرزشى
خولى بژاردهى عێراق
خولى نايابى كوردستان
لاوانى نايابى كوردستان
خولى پله يهكى كوردستان
خولى ئينگليزى 2012
خولى ئيسپانى 2012
خولى ئهڵمانى 2012
خولى ئيتالى 2012
خولى فهڕهنسى 2012
كۆمپيوتهرو ئينتهرنێت
ماڵپهڕهكان
ڤيديۆ
وێـنـه
مهكۆی ڕزگاری
وامزانی تۆ خودای
*
-
چاوپێكهوتنێك لهگهڵ موعهمهر قهزافى
دیدارێكی زۆر تایبەتی قەزافی، لەگەڵ رۆژنامەنوسێكی بوێری ژن كە لەجیهاندا كەم وێنە بووە...لەم دیدارەدا قەزافی شتی سەیر دەڵێت وەك خۆی چۆن هەر سەیر ژیاو سەیریش رسواو دواجار كوژرا..
ئەم چاوپێکەوتنە تەنها بۆ دەرخستنی ڕاستییەکە ئەوانەی کە کە لە دونیادا خۆیان لێ دەبێت بە هەموو شتێک و خۆیان بە خودای خەڵکی دەزانن لەم چاوپێکەوتنەدا بیخوێنەرەوە دەربارەی موعەممەر قەزافی ببینن چەندە بوغرا بووە .. لە کاتێکدا ئەگەر چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنین دەتوانین بڵێن بەرچاو ناکەوێت کەسێک لەو ئاستەدا بەو شێوە زەلیلی ڕسواییە بکوژرێت خوای گەورە بە دەردێکی برد بۆ هەتا هەتایە لە مێژودا ببێتە پەند و عیبرەت ..
ئەم هەڤپەیڤینە لەژێر خێوەتەكەی قەزافی بەڕێوەچووە. خێوەتێكی زۆر گەورەو فراوان كە بە قوماشی گرانبەها رازێندرابووەوە و چەند فەرشێكی بەنرخی تێدا راخرابوو، بە تەواویش چراخان كرابوو. لای چەپەوە تەلەڤزیۆنێك دانرابوو. وەك هەمیشە لە تەلەڤزیۆنەكەدا جەماوەری پیشاندەدا كە بەدەم هوتاف كێشانەوە ناوی قەزافییان دەهێنا و دەیانگوت بژی قەزافی. بەرامبەر خێوەتەكەش سۆبەیەكی دارین دانرابوو كە كۆمەڵێك كەس پەیتا پەیتا داریان تێدەكرد بۆ ئەوەی گەرم بێت. ئەو زۆر گرنگی بە وێنەكانی خۆی دەدات و حەزی لێیە بە "رابەری شۆڕش-قائد الپورە" بانگی بكەن. ئەم رابەرە دشداشەیەكی تەنكی لەبەربوو كە چمكەكانی بە زێڕ رازێنداربووەوە. وەك مرۆڤێكی دانیشتووی بیابان. وەك (پیتەر ئەتۆل)ی فیلمی لۆرانسی عەرەب. قەزافی خۆی وادەبینێ كە زۆر كەشخەیەو زوو دەچێتە دڵەوە. هەرگیز ئەوە قبوڵ ناكات كەسێك ئەوی بە دڵ نەبێت. بە جموجۆڵی پڕ لە باوەڕبەخۆبوونەوە وەك پادشایەك دێتە بەرچاو كە دونیای گۆڕیبێت. وا دیارە كە ژینگە و ژیانی دەرەوەی ئەم قەڵایەی لە بیركردووە. قەڵایەك كە بە چواردەوریدا پڕە لە سەربازی پڕ چەك. لە دەرەوەی ئەم قەڵایە شارێك هەیە پڕ لە بەدبەختی. شارێك كە بە بارینی دوو دڵۆپە باران هێڵەكانی تەلەفون لە ئیش دەكەون و شەقامەكان دەبنە رووبار. قەزافی بە كودەتایەكی ئەمریكی گەیشتە دەسەڵات، بەڵام یەكسەر ئەمریكییەكانی دەركرد. ئەو نامیلكەیەكی بچووكی نووسیوە كە بەم كتێبەی تف لە پەرلەمان و دیموكراسی دەكات. لەم كتێبەیدا دەڵێ ژنەكان تەنیا بۆ شیرپێدان بە منداڵەكانیان دێنە دنیاوە. ئەگەر دایكان شیر نەدەنە مناڵەكانیان، ئەوا منداڵەكان وەك ئەو مریشكە مەسڵەحانەی كە گۆشتێكی زۆر ناخۆشیان هەیە، گەشە دەكەن. ناوی ئەم كتێبەی (كتێبی سەوز)ە. ئەو حەزی لە رەنگی سەوزە. ئاڵای لیبیاش سەوزە. ئەو دەسەسڕانەش كە لووتی پێدەسڕێت هەر سەوزن. كاتێك ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ دەكرد، فەرمانێكی ئەوم بیرهاتەوە كە بە ژێردەریاییەكی میسری دابوو تاوەكو كەشتی ئۆقیانووسی شاژن ئەلیزابێس كە بە سەرنشینێكی زۆرەوە بەرەو تەلئەبیب دەڕۆشت نوقمی دەریا بكەن. ئەو كارەساتە رووینەدا، چونكە پێش دەرچوونی مووشەكەكان، فەرماندەی ژێردەریاییەكە راوێژێكی بە سادات كردبوو. هەروەها بیرم لەو رۆژە دەكردەوە كە (جەلوود)ی بۆ كڕینی بۆمبی ئەتۆمی رەوانەی چین كردبوو، بەڵام چینییەكان ئەو بۆمبەیان پێنەفرۆشت.
ڤالاچی: بەڕاستی دەزانی ئەوەندە وشكی كە ناچیتە دڵەوە؟ ئەوەندە كەم خۆشیان دەوێی؟ قەزافی: (بە تووڕەبوونێكی چاوەڕواننەكراو وەڵام دەداتەوە): ئەو كەسانە منیان خۆشناوێ كە دژی ئازادی و گەلن. بە پێچەوانەشەوە شۆڕشگێڕانی رێگەی ئازادی و چین و توێژەكانی خەڵك لە هەموو كاتێك و لەهەموو شوێنێكدا منیان خۆشدەوێت. من سەرۆك كۆمار یان وەزیر نیم. من رابەری شۆڕشم. من سەرقاڵی فەلسەفەی ئازادی و شەڕ و كتێبی سەوزم. ئەگەر تۆش دەتەوێ من بناسی دەبێ سەبارەت بە كتێبە سەوزەكەم پرسیارم لێبكەی. ڤالاچی: زۆر باشە باس لە شۆڕش و كتێبی سەوز دەكەین. بەڵام كام شۆڕش؟ من هەرگیز لەوە ماندوو نابم ئەوە وەبیر بهێنمەوە كە پاپادۆپۆلۆس ، مۆسۆلۆنی و پینۆشەش لافی شۆڕشیان لێدەدا. كاتێك دەبێ بڵێین شۆڕش كە بە دەستی چین و توێژی خەڵك روویدابێت. بەم جۆرە شۆڕشە دەوترێت شۆڕشی گەل، یان شۆڕشێك كە بەدەستی كەسانیتر بكرێت، بەڵام دەربڕی خواستی چین و توێژەكانی خەڵك بێت. ئەمجۆرەشیان هەر بە گەل ناوزەد دەكرێت. شۆڕشی گەلە چونكە هەم لەلایەن گەلەوە پشتیوانی لێدەكرێت و هەم خواستی ئەوان دەردەبڕێت. قەزافی: قسەكانت زۆر روون نییە. دەكرێ نموونەیەك بهێنیەوە؟ ڤالاچی: لیبیا و ئێران و ڤێتنام. ئەوەی كە لە سێپتێمبەری 1969 لە لیبیا روویدا شۆڕش نەبوو بەڵكو كودەتا بوو. راستە یان نا؟ قەزافی: بەڵام دواتر بووە شۆڕش. من كۆدەتام كرد و كرێكارەكانیش شۆڕشیان كرد. كرێكارەكان كارگەكانیان داگیركرد. لەجیاتی مووچە بوونە شەریك. سیستمی ئیداری پاشایەتییان لەنێوبرد و چەند رێكخراوێكی میللییان دروستكرد. بە كورتییەكەی خۆیان، خۆیان ئازادكرد. قوتابیانیش هەروایانكرد. بە شێوەیەك كە دەبینی ئەمڕۆ لە لیبیا بەس خەڵكی حكوم دەكەن. ڤالاچی: ئەی بۆچی دەڕۆین بۆ هەر جێگەیەك تەنیا وێنەی تۆ دەبینین؟ تەنانەت بەرامبەر بە كڵێسەی كاتۆلیكیش كە ئێستا بووەتە مەخزەن، وێنەیەكی تۆ بە جلی سەربازییەوە هەڵواسراوە. هەر بەمشێوەیە لە هەموو شوێنەكاندا وێنەی تۆیە. لە شەقامەكان لە فرۆشگەكان، لە فەرمانگەكان. تەنانەت لەو هۆتێلەی كە من لەوێم چەند قاپ و قاچاخێكی زیوین دەفرۆشن كە وێنەی تۆی لە سەرە. قەزافی: پەیوەندی بە منەوە چییە؟ خەڵكی خۆیان ئەوەیان دەوێت. ڤالاچی: تۆ زۆر شتت یاساخ كردووە. هیچ كارێكت جگە لە قەدەخەكردن نییە، بەڵام تۆ چۆن پەرستنی خۆت قەدەخە ناكەی؟ لە هەر ساتێكدا كە تەلەڤزیۆنەكە دادەگیرسێنم، ئەوەی بەدیدەكەم چین و توێژی خەڵكە كە هەموویان دەست بەرزدەكەنەوەو هاوار دەكەن و دەڵێن: قەزافی. قەزافی: ئەی چی بە من دەكرێت؟ ڤالاچی: هیچ، ئەو كاتەی كە منداڵ بووم، ئەم شتانەم دەبینین كە بۆ مۆسۆلۆنیش دەكران. قەزافی: ئەمە تۆمەتێكی زۆر گەورەیە و پێویستی بە وەڵامێكی زۆر وردە. هیتلەر و مۆسۆلۆنی لەپێناو حكومەتەكەی خۆیاندا سوودیان لە پشتیوانیكردنی خەڵك دەبینی، بەڵام من سوود لە پشتیوانكردنی خەڵكی دەبینم بۆ یارمەتیدانی خۆیان. من هیچ شتێك ناكەم جگە لەوە نەبێت كە پەیام بۆ خەڵك دەنێرم كە هەر خۆتان حكومەت لە دەستبگرن. هەر بۆیە منیان خۆشدەوێت. بە پێچەوانەی هیتلەرەوە كە دەیگوت "هەموو شتێكتان بۆ دەكەم"، من دەڵێم "ئێوە خۆتان هەموو شتێك بكەن". ڤالاچی: جەنابی سەرهەنگ، ئەگەر تۆیان هێندە خۆشدەوێت، بۆ ئەوەندە پارێزگاری لە خۆتان دەكەن؟ پێش ئەوەی من بێمە ئێرە، سێ جار ئەو سەربازانەی كە فەرمانی تەقەكردنیان هەیە رێگەیان لێگرتم. دەبابەیەكیش لەبەردەم دەرگاكە لوولەی تۆپەكەی كردووەتە شەقامەكە؟ قەزافی: بیرت نەچێت ئێرە بارەگایەكی سەربازییە. بەڵام مەبەستی تۆ لە ئەم هەموو پارێزگارییە چییە؟ ڤالاچی: وادیارە تۆ لە وڵاتەكەی خۆشتدا خۆشەویست نیت. قەزافی: (بە زەردەخەنەوە) تۆ سەرەتا دەڵێی من لەلایەن چین و توێژی خەڵكییەوە پشتیوانیم لێدەكرێت، دواتر دەڵێی زۆر پارێزگاری لە خۆم دەكەم. بۆ قسەكانت دژ بە یەكە؟ ڤالاچی: نەخێر هەموو ئەم شتانە لە ئەنجامی ترسە. خەڵكی لە ترسان بە شان و باڵی تۆدا هەڵدەدەن، تۆش هەر لە ئەنجامی ترسەوە پارێزگاری لە خۆت دەكەی. قەزافی: بەڕای من ئەنجامگیرییەكی سەیرە. ئەنجامگیرییەك بۆ دیكتاتۆرێك. ڤالاچی: ئەوە وا دەبینم تۆ خۆت بە دیكتاتۆر ناودەبەی جەنابی سەرهەنگ، نەك سەرۆك كۆمار یان وەزیر! دەكرێ پێم بڵێی پۆستی تۆ چییە؟ قەزافی: من رابەری شۆڕشم. وا دیارە كە (كتێبی سەوز)ت نەخوێندووەتەوە. ڤالاچی: بە پێچەوانەوە ئەوەم خوێندووەتەوە. دەتوانی بە پانزە خولەك بیخوێنیەوە. هەستناكەی كتێبەكەت زۆر بچووكە؟ قەزافی: تۆش قسەكەی سادات دووبارە دەكەیەوە، لە بەرئەوەی ئەو دەیگوت كتێبەكەی من لەنێو لەپی دەستدا جێگەی دەبێتەوە. ڤالاچی: سادات راستدەكات. بۆ نووسینی ئەو كتێبە چەند كاتت تەرخانكردبوو؟ قەزافی: ساڵانێكی دوروودرێژ، پێش ئەوەی رێگە چارەیەكی تەواو بدۆزمەوە. لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی و شەڕەكانی رابردوو و ئێستا، زۆر قووڵ بیرم كردووەتەوە. ڤالاچی: بەڕاست؟ ئەی چۆن گەیشتوویتە ئەو ئەنجامەی كە دیموكراسی سیستمێكی دیكتاتۆرییە و پەرلەمان شتێكی سەپێندراوە. هەڵبژاردنیش تەڵەكەبازییە. ئەمانە ئەو بابەتانەن كە لەو كتێبە بچووكەدا نووسیوتە و نەیانتوانی قەناعەت بە من بێنن. قەزافی: لەبەرئەوەی باش نەتخوێندووەتەوە. هەوڵت نەداوە لەوە تێبگەی جەماهیرییە چییە. تۆ دەبێ لە لیبیا نیشتەجێبی و خوێندنەوە بۆ ئەوە بكەی بزانی چۆن وڵاتێك كە دەوڵەتی نییە و پەرلەمانی نییە، لە هەمانكاتدا مانگرتن و خۆپیشاندانیشی تێدا نییە. وڵاتێكی وەها، جەماهیریەی لیبیایە. لە جەماهیریەدا هیچ كەسێك هەڵنابژێردرێت. هەڵبژاردن و كاندیدبوون بوونی نییە. ئێوەی رۆژئاوایی چەند دواكەوتوون. ئێوە تەنیا لە دیموكراسی و كۆماری تێدەگەن. تەنانەت ئامادەی قبوڵكردنی سەردەمی ئێستا، واتە سەردەمی گەل و خەڵك نین. پێشتر سەردەمی پاشایەتی بوو، پاشان بووە خەباتی مرۆڤەكان. دەوڵەتەكان و سەرۆك كۆمارەكان كۆمارییەكانیان دروستكردووە. ئێستا مرۆڤایەتی ئەم قۆناغەی دووەمی تێپەڕاندووەو و دواین رێگەچارەی واتە جەماهیرییەی دروستكردووە. ڤالاچی: ئەی نەیارەكان دەكەونە كام بازنەوە؟ قەزافی: كام نەیار؟ كاتێك هەمووان ئەندامی كۆنگرەی گەلن، ئیتر پێویستیمان بۆ تاقمە نەیارەكان چییە؟ نەیاربوون لەگەڵ چ شتێكدا؟ نەیاربوون لەگەڵ دەوڵەتدا هیچ مانایەكی نییە و ئەگەر دەوڵەت لەنێو بچێ و خەڵك خۆیان حوكوم بكەن، ئیتر لە گەڵ كێدا ناكۆكی دەكرێت؟ لەگەڵ شتێكدا كە بوونی نییە. ڤالاچی: بەهەر حاڵ من دژی ئەم شتەم؟ قەزافی: دژی چ كەسێك؟ ڤالاچی: دژی تۆ. چونكە جەماهیریە ناتوانێ قەناعەت بە من بێنێت، ئێستاش كە دژایەتی خۆم رادەگەیێنم چیم لێدەكەن؟ من دەگرن و لەسێدارەم بدەن؟ قەزافی (بە دانبەخۆداگرتنەوە): رێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی بخوێنەوە. ئایا هەر ئەوە نییە كە هەموو كاتێك مرۆڤ ویستویەتی بگاتە دەسەڵات؟ بەڵێ یان نەخێر؟ بەهۆی جەماهیریەوە مرۆڤایەتی دەگاتە دەسەڵات. خەون و خەیاڵ دێتەدی و خەبات و شەڕیش كۆتایی پێدێت. ڤالاچی: لەوانەیە بۆ تۆ تەواو بووبێت، بەڵام بۆ من نەخێر. من دەمەوێ بزانم چیم بەسەر دێت ئەگەر جەماهیریە رتبكەمەوە؟ قەزافی: تۆ ناتوانی جەماهیریە رەتبكەیەوە. جەماهیریە چارەنووسی جیهانە. دەسەڵاتدارێتی خەڵك، دوایین قۆناغە. لە هەموو دونیادا بە هیمەتی كتێبی سەوز سەرەنجام شۆڕش دەستپێدەكات. خەڵكی دەسەڵات دەگرنە دەست و رێنوێنیكەریشیان كتێبی سەوز دەبێت... ڤالاچی: جەنابی سەرهەنگ ئایا لەنێو تەواوی ئەم چیرۆكەدا شوێنێكی بچووك بۆ ئازادی هەیە؟ قەزافی: ئازادی؟ كام ئازادی؟ ئەمە خۆی ئازادییە. ئازادی راستەقینە، تەنیا ئەمەیە. چۆن پرسیارێكی وا لە من دەكەی؟ ڤالاچی: چونكە ئەوەم خوێندووەتەوە كە تۆ ساڵی رابردوو چل كەسی سەربازیت گوللەباران كردووە، چونكە ئەوان دژی جەماهیریە بوون. لە ساڵی 1977 دا پەنجا و پێنج كەسی دیكەشت هەر بەم هۆیەوە لەسێدارە داوە. ماوەیەك پێش ئێستاش ئەوەم خوێندەوە كە لە مەیدانێكی گشتی لە بەنغازی، كۆمەڵێك قوتابی نەیاری جەنابت، كتێبی سەوزیان سووتاندووە. قەزافی: هەر بەهۆی ئەم شتانەیە كە متمانەم بە رۆژئاوا نامێنێ. بۆ ئەم هەموو درۆیە دەنووسن؟ ڤالاچی: كێ دەزانێت؟ لەوانەیە كۆمەڵێك كەس بینووسن كە ئیرەیی دەبن. جەنابی سەرهەنگ ئایا بەڕاستی كتێبی سەوز دونیا دەگۆڕێت؟ قەزافی: بێگومان. كتێبی سەوز بەرهەمی خەباتی مرۆڤایەتییە. كتێبی سەوز مرۆڤایەتی بەرەو سەربەخۆیی رێنوێنی دەكات. كتێبی سەوز ئینجیلە. ئینجیلێكی نوێ. ئینجیلی هاوچەرخ، ئینجیلی سەردەمی خەڵك. ڤالاچی: جەنابت زۆریش خاكەرا (متەوازیع) نیت؟ قەزافی: نەخێر، هەرگیز خاكەرا نیم. چونكە دەتوانم بەرامبەر بە هێرشی هەموو دونیا بوەستمەوە. چونكە بە كتێبی سەوز هەموو كێشەكانی مرۆڤ و كۆمەڵگەكانم چارەسەر كردووە. یەك وشەی ئەو كتێبە دەتوانێ هەموو دونیا بڕوخێنێت یان رزگاری بكات. كارتەر دەتوانێ لە هەموو جیهاندا جەنگ دروست بكات، بەڵام بۆ بەرگریكردن لە جیهانی سێیەم كتێبی سەوز هەموو شتێكە. كتێبە سەوزەكەی من. یەك وشەی كتێبی سەوز دەتوانێ جیهان بتەقێنێتەوە و هەموو بەهاكان بگۆڕێ. ڤالاچی: جەنابی سەرهەنگ قەزافی دەتوانم دوا پرسیارتان لێبكەم؟ قەزافی: بەڵێ .. بەڵام با كورت بێت. ڤالاچی: جەنابت باوەڕت بە خوا هەیە؟ قەزافی: ئەو شتە ئاشكرایە، بە دڵنییایەوە. بۆچی پرسیاری وا لە من دەكەیت؟ ڤالاچی: چونكە وامدەزانی تۆ خۆت خودایت! * ئۆریانا ڤالاچی یەكێكبوو لە نووسەر و رۆژنامەنووسە بوێرە نێودارەكانی جیهان. لە ساڵی 1929 لە شاری فلۆرانسی ئیتالیا لەدایكبووە و هەر لەو شارەشدا لە تەمەنی 77ی ساڵیدا لە رۆژی 15ی سێپتەمبەری 2006 كۆچی دوایی كرد.
هەڤپەیڤینی ئۆریانا ڤالاچی* لەگەڵ قەزافی وەرگێڕانی لە فارسییەوە: فازڵ مەحمود وەلی
ئێمه له فهيسبووك
ئێمه له فهيسبووك